

شه‌وی ڕابردوو له نێوان گه‌ریلاکانی پ.ک.ک و ئه‌رته‌شی تورک‌دا، له نزیک سنووری باكوور و باشووری کوردستان شه‌ڕ هاته ئاراوه. به‌گوێره‌ی لێدوانی ئه‌رته‌شی تورک تا ئه‌م ئێواره‌یه زیاتر له 32 گه‌ریلای کورد کوژراون به‌لام هێزه‌کانی گه‌ریلاش کوژراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت به 40 که‌س ڕاده‌گه‌یه‌نن و زیاتر له 30 سه‌ربازیش به‌دیل گیراون.
به گوێره‌ی هه‌واڵده‌ریی فه‌ڕانسه که پشتی به لێدوانێکی فه‌رمیی ئه‌رته‌شی تورکیا به‌ستووه، له شه‌ڕێکدا که دوێنێ نیوه شه‌و له هه‌رێمی هه‌کاری له نێوان گه‌ریلاکانی پ.ک.ک و هێزه سه‌ربازییه‌کانی تورکیادا هاتۆته ئاراوه و تا ئه‌م ئێواره‌یه‌ش به‌رده‌وام بووه، 32 گه‌ریلای کورد کوژراون. به‌ڵام سه‌رچاوه‌گه‌لی نزیک له هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل به ئاژانسی فوراتیان ڕاگه‌یاندووه که شه‌ڕ به ته‌واوی له ئینیسیاتیڤی هێزه‌کانی گه‌ریلا دایه و تا ئێستاش زیاتر له 40 سه‌ربازی تورک کوژراون و له ناویاندا ئه‌فسه‌رێک، 31 که‌سیش به‌دیل گیراون.
وه‌زیری به‌رگریی تورکیا به‌ڵام ئه‌مڕۆ، دوای دیدارێکی له‌گه‌ڵ ڕابێرت گه‌یتسی هاوتای ئه‌مریکی خۆی، له لیدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان ڕه‌تی کرده‌وه که عه‌سکه‌ری تورکیا به‌دیل گیرابن. ناوبراو هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا وتیشی که به‌رنامه‌ی هێرشی ده‌ره‌وه‌ی سنوور هه‌یه به‌لام شتێکی هه‌نووکه‌یی و به‌په‌له نییه.
هاوکات ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆکوه‌زیری تورکیا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه ڕایگه‌یاند که حکوومه‌ته‌که‌ی ئاماده‌ی ده‌ستووردانه به ئه‌رته‌ش بۆ هێرشکردنه سه‌ر هێزه‌کانی پ.ک.ک له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی تورکیا.
دوای په‌سه‌ند کرانی داواکه‌ی حکوومه‌تی ئه‌ردۆگان له‌پارلمانی تورکیا، ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان داوای له خه‌ڵکی کوردستان کرد سه‌نگه‌ر بگرن.
ئه‌مڕۆ د. ڕزگار سندی له سه‌ر ناوی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعوود بارزانی، لێدوانێکی دا به ده‌زگا ڕاگه‌یاندنییه‌کانی هه‌رێمی بادینان و تێیدا داوا له خه‌ڵکی کوردستان کرا له ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌رته‌شی تورک‌دا بۆ سه‌ر خاکی کوردستان، ئاماده‌ی به‌رخۆدان بن.
له لێدوانی سه‌رۆکی هه‌رێمدا هاتووه که تورکیا ده‌یه‌وێ هه‌بوونی کوردستان له مێژوودا بسڕێته‌وه و وه‌بیری دێنێته‌وه که کورد سه‌ره‌ڕای قه‌تڵوعامه‌کانی سه‌دام حوسێن نه‌توایه‌وه و به تورکیاش له‌ناو ناچێ. سه‌رۆکی هه‌رێم وێڕای ئه‌وه که داوا له لێپرسراوانی تورک ده‌کا بانگه‌وازه‌کانی ئاشتی و دیالۆگ به‌رچاو بگرن، ده‌ستنیشانی ده‌کا که هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان له دژی داگیرکاریی ده‌وڵه‌تی تورک ڕاده‌وه‌ستێ.
د. ڕزگر سندی له‌و لێدوانه‌ی خۆیدا هه‌روه‌ها باسی له کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تیی پارتی دێموکراتی کوردستان کرد و وتی: له‌م ڕیگایه‌وه ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی که به سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رۆک بارزانی پێکمان هێنا، به خه‌ڵکی خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین. ناوبراو له‌و بواره‌وه ڕایگه‌یاند: هه‌رچه‌ند شیمانه ناکرێت ئه‌رته‌شی تورک ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوور پێک بێنێت، به‌ڵام سه‌ره‌کیترین ئامانجی تورکیا له هێرشیکی وا خه‌ڵکی کوده که بۆته خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات، پارلمان و حکوومه‌تی خۆی. وتیشی: تورکیا حکوومه‌تی حقووقیی هه‌رێم وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر خۆی چاو لێده‌کا. ته‌نیا ده‌وڵه‌تی تورک نا، به‌ڵکوو زۆرێک له ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌کانی هه‌رێمه‌که‌ش هه‌ر به‌و جۆره چاو له حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن.
ناوبراو له‌و لێدوانه‌ی خۆیدا وێرای ئاماژه به‌وه که خه‌ڵکی کورد خوازیارن به ئاشتی و ئارامی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیرانیدا بژین وتی: خه‌ڵکی کوردستان له بستێکی خاکی وڵاته‌که‌ی ده‌ست هه‌ڵناگرێ. وه‌ک چۆن له ڕابردوودا کردوومانه، ئێستاش ئاماه‌ین بۆ پاراستنی ئه‌م خاکه تا دوایین دڵۆپی خوێنمان به‌رگری بکه‌ین.
ناوبراو له درێژه‌ی لیدوانه‌که‌یدا هه‌روه‌ها هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانی بانگهێشتی تێکۆشانێکی هه‌مه‌لایه‌نه کرد و ئه‌مه‌شی به مافی به‌رگری کردنی نه‌ته‌وه‌یی به‌ناو کرد. ناوبراو جه‌ختیشی کرده‌وه که ده‌وڵه‌تی تورک ده‌بێ له‌م ڕاستییه باش تێ‌بگا که خه‌ڵکی کورد مافی پاراستنی خۆی به‌کار دێنێ. ناوبراو ئه‌رته‌شی تورکیای دڵنیا کرده‌وه که خه‌ڵکی کورد ئاماده‌یی هه‌یه به‌ساڵان شه‌ڕی پاراستن به‌ڕیوه به‌رێت.
سندی وه‌بیری هێنایه‌وه که نوێنه‌ری ئه‌مریکا له به‌غداد، له دوانزه‌ی ئه‌م مانگه‌دا له ڕێگای ته‌له‌ۆنه‌وه به سه‌رۆکی هه‌رێمی ڕاگه‌یاندووه که ئه‌مریکا به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه نادات ئه‌رته‌شی تورک سنوور ببه‌زێنێ.
سندی له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا جارێکی دیکه‌ش جه‌ختی کرده‌وه که کێشه‌کان له ڕێگای توندوتیژییه‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێن و داواشی کرد تورکا گوێ له بانگه‌وازی ئاشتیی خه‌ڵکی کورد بگرێت.
له لایه‌کی دیکه‌وه به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی رۆیته‌ر، گێف موریلی سكرتێری رۆژنامه‌وانی له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا وتی پێموانییه هیچ ئاماده‌باشیه‌ك هه‌بێت تا له رێگای ئۆپراسیۆنه‌كی سه‌ربازی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكرێت، توركه‌كان توڕه‌ییان پێوه دیاره به‌ڵام ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی به دوور ده‌زانم، چونكه كاره‌ساتی گه‌وره‌ی نه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكا به‌ڵكو بۆ توركه‌كانیش لێده‌كه‌وێته‌وه. وتیشی: هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره و به‌غدا چاره‌سه‌ری كێشه و گرفته‌كانی سنووری توركیا – عێراق بكات، ئێمه‌ش له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه به هیوای ئه‌وه‌ین بتوانن كاریگه‌ریان هه‌بێت له وه‌ستاندنی چالاكییه‌كانی په‌كه‌كه له‌ناو خاكی توركیا.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئه‌مڕۆ به سه‌دان هاولاَتیی كوردستان، له شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی پڕۆتستۆكردنی بریاری پارله‌مانی توركیا بۆ له‌شكركێشی ناو خاكی هه‌رێم، رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان.
به گوێره‌ی هه‌واڵێکی بنکه‌ی ئینته‌رنێتیی سبه‌ی رێپێوانه‌كه كه له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا له فولكه‌ی عه‌ینكاوه‌وه بۆ به‌رده‌م باره‌گای یوئێن به‌رێكه‌وتن و تێیدا به‌سه‌دان لافیته‌و پۆسته‌ر به‌ده‌ست خۆپیشانده‌رانه‌وه ده‌بینران، ده‌ستدرێژی توركیایان بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان مه‌حكوم ده‌كرد.
لە ڕێنێسانس نیوز؛ۆه ر گیراۆە ئەم هە ۆالە
دوای ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی تورکیا لیسته‌یه‌کی له‌مه‌ڕ مه‌رجه‌کانی خۆی بۆ هێرشنه‌کردنه سه‌ر باشووری کوردستان ڕاده‌ستی ئه‌مریکا کرد، ڕاوێژکارێکی سه‌رۆکی پارلمانی کوردستان مه‌رجه‌کانی ڕه‌تکرده‌وه و ته‌ئکیدیشی کرده‌وه که به تایبه‌ت مه‌رجی ڕاده‌ستکردنی به‌رپرسانی باشووری کوردستان به تورکیا به‌هیچ جۆرێک په‌سه‌ند ناکرێت.
ڕۆژی ڕابردوو ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویان كردبۆوه که به‌مه‌به‌ستی به‌شداركردنی ئه‌مریكا له چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی پ.ک.ک دا، حكومه‌تی توركیا لیستێكی داواكاریی حه‌وت خاڵی ته‌سلیم به بریكاری وه‌زیری به‌رگری و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كردووه. به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له‌و لیسته‌یه‌دا داواكراوه به‌پرسانی پ.ک.ک و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كه هاوكاری پ.ک.ک ده‌كه‌ن، ته‌سلیم به حكوومه‌تی توركیا بكرێن.
له‌و لیسته‌یه‌دا هه‌روه‌ها داوا کراوه ئه‌و حیساب بانكیانه‌ی كه بۆ هاوكاریكردنی ئه‌و پارته به‌كار ده‌هێنرێن، بلۆک بکرێن.به گوێره‌ی ئاژانسه هه‌واڵییه‌کان خاڵه‌كانی ناو ئه‌و لیسته‌یه بریتین له ناو و شوێنی ئه‌و لێپرسراوانه‌ی پ.ک.ک كه له هه‌رێمی كوردستانن و لیسته‌که هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی شوێنی بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و پارته‌شی له چیای قه‌ندیل و دیکه‌ی شوێنه‌کانی باشووری کوردستان و ئێڕاق تێدایه و ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه كوردییانه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدایه كه هاوكاریی پ.ک.ک ده‌كه‌ن.
له لیسته‌که‌ی تورکیادا که ڕاده‌ستی به‌رپرسه ئه‌مریکییه‌کان کراوه هه‌روه‌ها ناوی ئه‌و كۆمپانیایانه‌شی تێدایه كه له هه‌رێمی كوردستانن و هاوكاریی دارایی په‌كه‌كه ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ تورکیا لیسته‌یه‌کیشی به هه‌مان ناوه‌رۆک ڕاده‌ستی ده‌سته‌ڵاتی باشوور کردووه. به‌ڵام ئه‌مه له لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه پشتڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه به‌ڵام له لێدوانی چه‌ند به‌رپرسێکی کوردی‌دا مه‌رجه‌کانی تورکیا به ناڕه‌وا ده‌زانرێن و په‌سه‌ند ناکرێن.
له‌و بواره‌وه جێگری سه‌رۆکی پارلمانی کوردستان بۆ کاروباری ڕاگه‌یاندن تارق جه‌وهه‌ر له لێدوانێکدا بۆ هه‌واڵده‌ریی ئه‌سوات ئه‌لعراق وتی که ئێمه به‌هیچ شیوه‌یه‌ک ئه‌م مه‌رجانه په‌سه‌ند ناکه‌ین، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی داوای ڕاده‌ستکردنی ڕێبه‌رانی باشووری کوردستان به تورکیا ده‌که‌ن.
له لایه‌کی دیکه‌وه جه‌ماڵ عه‌بدوڵای وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ نه‌وا وێرای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکانی تورکیا، ئاماژه‌شیبه‌وه‌دا که تورکیا با ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمدا دانوستان بکات.
تا ئێستا ناوی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی باشوور که ده‌خوازرێ ڕادستی تورکیا بکرێن، نه‌زانراوه